كارەساتێك بە ناوی ژن بوون لە ئێراندا
لە كۆمەڵگەی ئیسلامی و پیاوسالاری ئێران، هەموو ئەو نابەرابەریانە و ئەو زوڵمانەی بە ژن دەكرێت لە ژوارچێوەی یاسا ئایینەیەكان و شەرعی ئیسلامیدا، رەوایەتی پێدراوە و تەنانەت بە مافی رەوای پیاوانیش دەزانن كە بە هەر شێوەیەك بیەوێت لە گەڵ خێزانی، دایكی، كچەكەی، هاوكارە ژنەكەی، و ئەو ژنانەی لە نێو شەقام و بازارەكاندا روبەروی ئەبنەوە، هەلسوكەوت بكات و مافەكانیان پێشێل بكات، چونكو هەم حكومەت و هەم ئایین و هەم دابونەریت ئەو مافەی بە رەهایی بە پیاوان داوە، كە بە وتەی نیچە: هەر كات رۆشتن بۆ لای ژنێك قامچیان لە بیر نەچێت، چونكو ژن دوژمنە دێرینەكەی پیاوە.
هەر لە بەر ئەو سیستەمە ئایینیە توندرەوەی كە لە كۆمەڵگەی ئێراندا زاڵە شەرع و یاسا و دابونەریتە جێگیركراوەكانی نێو گۆمەڵگە، ئەو دەست ئاوەڵاییە بە پیاوان ئەدات زن وەك موڵك و دارایی سەیر كەن و وەك كاڵایەكی بازرگانی مامەڵەی پێوە بكەن، لە گەڵ ئەو راسیەش كە چەندە ژنان نیگەرانی دۆخی دژواری هەنوكەیی خۆیان و داهاتوی خوێندن و كار و هەموو پێگە و هەلومەرجە تاكی و كۆمەڵایەتیەكانیانن.
بە داخەوە خۆباوەری و متمانە بە خۆبوون ئەو فاكتەرە گرنگەی پێگەیشتنی كەسایەتی مرۆڤ، لە ژنان ئێرانیدا رۆژ لە دوای رۆژ كەمرەنگتر ئەبێت و بریندار دەكرێت و دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، هێشتا لە زۆربەی خێزانەكاندا دابونەریتی كۆن و دواكەوتوو زاڵە و بە پێی ئەو دابونەریتانەش بە سوكترین شێوە چاو لە ژنان و كچان دەكرێت.
ئەمانە دۆخی گشتی ژنانە لە ئێران. ژنانی كورد نە تەنیا لەو هەلومەرجە بێبەری نین بەڵكو بە شێوەیەكی دژوارتر لە گەل ئەو كێشانەدا روبەرو ئەبنەوە.ژنانی كورد هەم وەك ناسنامەی نەتەوەییان و هەم وەك ناسنامەی رەگەزیشیان زۆرتر لە ژنانی فارس لە ژێر گوشاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و كەلتوری و ئابوریدان، لە راتیدا ژنانی ژنانی عەرەب و ئازەری و ئەرمەنی و بە تەواوەتی ژنانی نەتەوە و ئەتنیك و ئایینە جیاوازەكان زۆرتر لە ژنانی فارس كە هەم نەتەوەو وهەم ئایینی سەردەستیشن زۆرترین ئازاریان بەر ئەكەوێت.
كاری دژوار و رۆتینی ماڵ كە ئەبێت هەموو رۆژێك و بێ موچە ئەنجام بدرێت و لە هەمان كاتیشدا كە زۆربەی ژنان لە دۆخی هەنوكەیی و ئابوری داروخاوی ئێراندا ناچارن لە دەرەوەش كار بكەن ، گوشارێكی لە رادەەردەری دەرونی و جەستەیی و فكریشی بۆ ژنان دروست كردوە.هەر وەها بە كار هێنانی ژنان لە كارگەكانی بەرهەمهێنانی جۆراوجۆردا و چاو لێكردنی ژنان وەك "هێزی هەرزانی كار" خاوەن كارەكان لە بەرامبەر كاتی زۆر و كاری زۆر موچەیەكی زۆر كەم بە بەراوەر بە كرێكار و كارمەندی پیاو بە ژنان ئەدەن و ژنانیش لە بەر رەوشی نالەباری ئابوری ناچارن ئەم خراپ بە كارهێنانەیان لە بەر چاو نەگرن و بێدەنگ درێژەی بە كاركردنیان بدەن.
لە بابەتە یاساییەكانیشدا مافی تەڵاق وەرگرتن و مافی بە خێو كردنی مناڵ دوای جیابوونەوە، میرات و خوێن بەها و شایەتی دان بە تەواوەتی نابەرابەرن.
دوای جیابوونەوە بە پێی یاسا مناڵ ئەدرێتەوە بە باوك و دایكیش ئەتوانێت لە هەفتەیەكا جارێك مناڵەكەی ببینێت، هەر وەها مافی هەڵبژاردن تایبەتە بە پیاوان واتە ئەبێت پیاو بچێت بۆ داوای كچ و كچەكە بخوازێت بە پێچەوانەوە دژی یاسا شەرعی و نەریتیەكانەو (مەكرۆح)ە.
پیاو رێگەی پێدراوە چەندین ژنی مارەكراوی هەبێت چ بە شێوەی دایمی بێت چ بە شێوەی كاتی. ژن ناتوانێت لە ئێراندا ببێتە رێبەری ئایینی ،ژن مافی دادوەری لە دادگاكانی ئێراندا نیە و هەندێك شوێنیشدا ژن مافی پارێزەری پێنادرێت، و هەركەسیش بە ژن و بە پیاویشەوە بیەوێت دژی ئەم كەلتور و نەریت و یاسایانە دەركەوێت بێ یەك و دو روبەروی سزا و لێپیچینەوەی یاسایی ئەبێتە و بە تاوانی دژایەتی كردن لە گەل سیستمی حكومەتی ئیسلامی و بنەماكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و دوژمنایەتیكردن لە گەڵ خوا و شێواندنی رای گشتی دەستبەسەر دەكرێن سزای سەختیان بە سەردا دەسەپێت وەك لە سێدارەدان و زیندانی درێژخایەن و چەندین جۆری بێبەشكردنی مافە كۆمەڵایەتیەكان .
بەڵام ئایا بە ر استی هیچ رێگایەك بۆ رزگاری ژنانی ئێرانی نیە، هیچ رێگایەك جیا لە هەڵهاتن لەو وڵاتە .رێگەیەك لە نێو ئەو كەشەی كە رێگەی هیچ چالاكیەكی سیاسی و كۆمەلایەتیت پێبدات.
ئایا ئەم دۆخەی كە ئیستە ژنانی تێدایە تەنیا گرێدراوی دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئێرانە و ژنان خۆیان هیچ بەشێكیان لە پەرپێدان بەم دۆخە نیە، ئایا گۆرانكاری لە هەلومەرجی ژنانیشدا گرێدراوی هاوكێشە سیاسیەكانە. ئایا بە بێدەنگ مان و پەسەند كردنی كۆیلایەتی و قایل بوون بەو هەلومەرجی كە ژنانی تێدایە و پەسیڤ ماین بەرابەر بە دۆخە شتێك لە هەلومەرجی ژنان ئەگۆرێت یان دۆخەكە زۆر توندتر ئەكات و نابەرابەریەكان سیستماتیكتر ئەكات.
من ژنم