هەنووكە باس، باسی مكیاج كردن یان نەكردنی نیە ،باسی ئەوەیە بۆچی و بە پێی چ هزرێك دەكرێت. ئایا مكیاج كردن تەنیا نیشانەی نەبوونی متمانەبە خۆ بوون و متمانە بە توانا سرۆشتیەكانە لە ژناندا؟ یان  خۆ جوانكردن و ئارایشت كردنی ژنان ئەگەرێتەوە بۆ ئەو سرۆشتە جوان پەرەستیەی كە لە هەموو مرۆڤەكاندا هەن واتە مرۆڤ حەزی لە جوانیە و پیی خۆشە جوان بێت وەك ئەو قسە بە ناوبانگەی كە ئەڵێن: "خوا جوانە و جوانیشی خۆش ئەوێت".

بێگومان زۆرن ئەو ژنانەی كە بە خۆباوەڕن و تەنیا لە بەر ویستی خۆیان و ئەو سروشتە جوانپەرەستیەیەی كە لە مرۆڤەكاندا هەیە ، گرنگی بە خۆیان و روخسار و جەستەیان ئەدەن و مكیاجیش ئەكەن. بەڵام راستیەكە ئەوەیە  هێشتا زۆربەی ژنان، بە تایبەت ژنانی كۆمەڵگە نەریتیەكان كە پێكهاتەیەكی نەریتی وپیاوسالاریان هەیە، و زۆرینەی ژنانی  ئەو كۆمەڵگەیانە كە بە وڵاتانی جیهانی سێهەم یان وڵاتانی رو لە گەشە ناسراون، نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی هۆشیاری رەگەزی و سروشتگەرایی، و متمانە بە خۆ بوونیان، تا مەكیاج كردن وەك سروشتی جوانپەرستی چاوی لێبكەن . چونكو لە راسیتدا جوانپەرەستی و حەز كردن لە جوانی لە گەل بە نەریتی كردنی مكیاج و ئالودە بوون پێی و دروست بوونی حاڵەتێكی دەروونی نەرێنی بەرامبەر بە رەسەنایەتی روخساری خۆت دو شتی زۆر جیاوازن. 

بێگومان پێناسەكانی جوانی و پێوەرەكانی جوانی و جوان بونیش، وەك هەموو پێناسەكانیتروەك  سیاسەت ، مێژوو، كۆمەڵگە، هونەر و ئەدەب، ئابووری، پێناسەی پیاوانەن. 

پێوەرەكانی جوانی ئەو پێوەرانەن كە لە لایەن پیاوانەوە پێناسە كراون، و ئەیانەوێت ژنان بەو شێوە دەركەون كە ئەوان پێیان خۆشە نەك بەو شێوەیە ژنانیان بوێت كە هەن، واتە سرۆشتی راستەقینە و روخساری راستەقینەیان بوێت. 

لە كۆمەڵگەیەك كە هەموو نرخەكانی جوانی و هەموو پێوەرەكانی جوانی لە لایەن پیاوانەوە دانراوە و پێناسەی بۆ كراوە، ئەو ژنانەی كە نەگەیشتونەتە هۆشیاری رەگەزی خۆیان و پەروەردی رەگەزی نەكران و فێر نەبوون خۆیانیان بەو شێوەیە كە هەن، خۆشبوێت، ناچار ئەبن لە خۆیان ئەو شتە دروست كەن كە رەگەزەكەی بەرامبەریان پێیان خۆشە. لەم جۆرە كۆمەڵگەیانە حەساب بۆ توانا سروشتیەكانی ژنان و ئاستی خوێندیان و ژیر و ژۆلی و زیرەكی ژنان ناكرێت، چۆنكو ئەو ژنەی ئەگەر ئەو فاكتەرانەی تیا نەبێت كە رەگەزی باڵادەست و خاوەن سەرمایە و خاوەن كار و خاوەن دەسڵات و خاوەن سیاسەت،و خاوەن كۆمپانیا، پێیخۆشە و ئەیەوێت، نە نرخی ئەبێت نە رێزی ئەبێت و نە كار و ژیانیشی بۆ ئەكرێت. 

تەنیا بێننە بەرچاوتان، دوو ژن هەر دوو لە یەك تەمەن، یەكێكیان خوێندەوارەو و لە بوارێكدا پسپۆڕە دەرچوی زانكۆیە لەو بوارەی خۆیدا و ژنێكی ژیر وزیرەكە، بەڵام بە پێیی پێوەرەكانی جوانی لە كۆمەڵگەی پیاوسالاردا ئەم ژنە، بێ رواڵەت و ناشیرینە. بەڵام ژنەكەیتر كە روخسارێكی جوان و سرنجڕاكێشی هەیە، بەڵام بڕوانامەی  زانكۆی نیە و لە هیچ بوارێكا شارەزایی و پسپۆری پێوییستی نیە نیە، ئەگەر ئەم دو خانمە بچن بۆ جێگەیەك بۆ دۆزینەوەی كار لە كۆمپانیایەك یان رێكخراوێك یان دایرەیەك یان رۆژنامەیەك یان تەلەڤیزیۆنێك، پێتان وایە كامیان خێراتر دائەمزرێن ؟ بێگومان ژنە نەخوێندەوارە جوانەكە. ژنە "ناشیرینەكەش" ئەبێت بڕوانامەكەی بخاتە نێو گۆزەوە و ئاوەكەی بخواتەوە.

كێشە كە ئائەمەیە.لە شوێنێك یان كۆمەڵگەیەك كە بەها مروڤایەتیەكان جیگەیان نەبێتەوە، سرۆشت و گەورهەی راستەقینەی مرۆڤ پوشێك نەهێنێت و روانگەی رەگەزێك بەرامبەر رەگەزەكەی تر مرۆڤایەتی نەبێت و تەنها رەگەزی بێت بێگومان ژنان هەوڵ ئەدەن ئەوە نەبن كە هەن و خۆیان لەو پێوانانە بگونجێنن كە پیاوان بۆیانیان پێناسە كردوە. 

بە نەریتی بوونی ئەو پێوەرانەی جوانی كە لە لایەن پیاوانەوە پێناسە كراون وایكردوە، ژنان متمانەیان بە خۆیان كەمتر بێت و باوەرێیان بە تواناكانیان و جوانی سروشتی خۆیان نەبێت و بەردەوام هەوڵ بدەن ئەوە بن كە لای پیاوان مەقبول بن، بۆ ئەوی بتوانن كار بكەن، دامەزرێن، رێزیان لێیگیردرێت، خۆشیان بوێن، و لایان بە نرخ بن. ئەمە خۆ لە خۆیدا رەنگێكی زۆر دزێوی توندوتیژیە واتە ئەم توندوتیژیە تەنانەت لە نێو ژناندا چین دروست ئەكات، جیاوازیەكی یەكجار ناشیرین لە نێو ژناندا دروست ئەكات، واتە "چێنێكی جوان و ناسكۆڵەی خۆشەویست و سەردەست و چینێكی ناشیرین و ئیزعاج و چەوساوە لە نێو ژناندا".

 سیستەمی سەرمایەداریش كاریگەریەكی زۆری لە پەرە پێدان بە پێوەرە پیاوانەكانی جوانی هەیە. واتە سەرمایەدان و خاوەن كۆمپانیا زەبەلاحەكانی بەرهەمهێنەری مادەكانی ئارایشت كردن توانیویانە رۆڵێكی بەرچاویان هەبێت لە دور خستنەوەی ژنان لە سروشتی خۆیان و رووهێنانیان بە مكیاجكردنێكی بێ سنور، و لە رێگەی بە بازرگانی كردنی  لەش و لار و روخساری ژنان، سەرمایەیەكی خەیاڵیان دەست كەوێت بە تایبەت لە وڵاتانی جیهانی سێهەم. هەنووكە ژنانی وڵاتانی ئێران، عێراق، سعودیە، وڵاتانی كەنداو و توركیا زۆرترین رێژەی بە كارهێنانی كەرەستەكانی مكیاجكردنیان هەیە لە هەموو جیهاندا كە رێژەیەكی یەكجار زۆرە بە بەراوەرد بە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا. 

جیهانی سەرمایەداری لە رێگەی راگەیاندنێكی بەرفراوان  و دەرخستی هەزاران ژۆرناڵ و كەتالۆگ ، رێكلام بۆ پێوانەكانی ئەو جوانیە ئەكەن كە بەرژەوەندیانی تێدا هەیە و میلیاردها دۆلار پارەی پێ قازانج ئەكەن. رۆژ نیە سەد جار پێوەرەكانی جوانیمان لە رێگەی روخسار و لەش و لاری "جوانترین و باوترین ژنانی جیهان(مانكەنەكان)" بە بیر نەهێننەوە و وامان لێنەكەن ئەگەر خۆشمان كوشتوە ئەبێت وەك ئەوان بكەین تا لە پۆلێنەكانی جوانیدا بگونجێین. بەڵام ئەو ژنانەی كە كراون بە نمونەی جوانی بۆ ئێمەی رۆژهەڵاتی ئەوانەن كە تەنیا لەو رێگەوە پارە قازانج ئەكەن و ئابووری خۆیان دابین ئەكەن و ئەوە پیشەیانە و لە راستیا هەموو ژنانی ئەو وڵاتانە(وڵاتانی پێشكەوتوو) بەو شێوەیە جل لە بەرناكەن بەو شێوە مكیاژ ناكەن، پێلاوی بەو شێوە لە پێناكەن و قژیان بەو شێوانە رێكناخەن.زۆربەی ئەو ژنانە هەوڵ بۆ ئەوە نادەن ببن بە مانكەن. هەوڵ بۆ ئەوە ئەدەن كە چۆن دەتوانن لە بواری ئیش و كارەكانیاندا زۆرترین سەركەوتن بە دەست بهێنن. 

ئەمەش بە هۆی ئاستی پێشكەوتنی نرخە مرۆڤایەتیەكان و پێوەرە دیموكراتیك و ئازادیەكان لەو وڵاتانەدا و روانگەی سیستەمی بەرێوەردن و كار و پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و كەلتووری ئەو وڵاتانە بەرامبەر بە ئەولەویەت دانانی توانای مرۆڤەكان و ئاستی خوێندن و شارەزایی پسپۆڕیان لە سەر هەموو شتێك، كە ئەمەش ئەگەرێتەوە بو خەبات و تێكۆشانی سەدان ساڵەی ژنانی ئەو وڵاتانە و قوربانیدانیان لەو پێناوەدا،گەیشتنیان بە ئاستێكی باش لە هۆشیاری رەگەزی، و بڕوا و متمانەیان بە توانا و بەهرەكانیان و ئەم روانگەشیان تا رادەیەكی باش بە سەر كۆمەڵگەكانی خۆیاندا سەپاندوە. 

پەرەسەندنی عەقڵانیەتی ئەگەر مكیاج نەكەم جوان نیم و خەڵك سەیرم ناكەن و خەڵك خۆشیان ناوێم و مەحبوب نابم ،لە نێو ژنان و كچان و رووهێنانیان بە سەدان جۆری مكیاج كردن و دەستكاری جەستەییان ، نەك متمانە بە خۆبوونی لە نێو ژناندا زۆ ركەم كردوە و هەر دەچێت لە سروشتی راستەقینەیان دور ئەكەونەوە بەڵكو ئەو مادە و كەرەستانەی جوانكاری دەم و چاوو و جەستەش، زیانێكی بێگەڕانەوە لە جەستە و تەندروستی ژنان ئەدات،بێجگە لە زیانە فكری و دەروونیەكان.