تەڵاق لە كۆمەڵگەی ئێمەدا وشەیەكی ناپەسەندە و بە تایبەت بۆ ژنان وەك عەیبەیەكی گەورە دەژمێردرێت وەكوو بلێی ژن چەندێك بە رگەزێكی لاواز و پلە دوو لەم پێكهاتە خێڵەكیەكی كۆمەڵگەی ئێمەدا لە قەڵەم ئەدرێت و رێگەكانی ژیانێكی ئاسودە و پێشكەوتنەكانی بەرتەسك دەكرێتەوە دوو جار لەوە زیاتر ئەو ژنانەی كە تەڵاق ئەدرێن یان تەڵاق وەرئەگرن، ئەكەونە ژێر باری گوشارێكی كلتوری و كۆمەڵایەتی و ئابووری و یاسایی، كە زۆر جار ئاستی گوشارەكە زۆر قورسترە لە ئاستی خۆراگری ئەو ژنانە. 

یەكێك لەو كێشانەی كە ئەمرۆ بابەتی تەڵاق روبەڕوی قەیران ئەكاتەوە دیاردەی نەخوازراوی چونەوە سەرەوەی تەمەنی كچانی شوو نەكردوە و بەرزبونەوەی ئاماری كچانی سەڵتە كە ئەمە وا دەكات دەرفەت بۆ پێكهێنانی دروستكردنی ژیانێكی نوێ بۆ ئەو ژنانەی جیابوونەتەوە زۆر كەم بێتەوە و زۆرتر لە لایەن پیاوانی كۆمەڵگەوە وەك راوێكی ئاسان بۆ تێركردنی حەزە سێكسیەكانیان چاویان لێدەكرێت و دواتریش بە ئاسانی وازیان لێئەهێنن. 

تەنانەت زۆر لەو پیاوانەش كە بۆ خۆیان بە ئەزمونی جیابوونەوەدا تێپەڕیون ئامادە نین لە گەل ئەو ژنانەی كە جیابوونەتەوە ژیانی هاوسەری پێكبهێنن چونكو نایانەوێت ئەزمونی شكست خواردوی ژیانی ژنێك بهێننە نێو ژیانی خۆیانە.

ئەو ژنانەش بێگومان وەك هەر مرۆڤێكی ئاسایی كۆمەڵێك پێداویستی ئابووری، سۆزداری و سێكسیان هەیە، ناچار ئەبن بۆ ماوەیەكی درێژ لە گەڵ پێداویستیە سرۆشتیەكانیان بكەونە شەر و سەكوتكردنیان،و خۆراگرتن لە بەرامبەر هەزاران كێشەی بچوك و گەوەرە بە تایبەت روانگەی هەوەسبازانەی پیاوانی دەوروبەریان. كاتێكیش ئەبینێت دەرفەتی زەواجی زۆر كەمە و یان هەر نیە ئەبێتە دۆستی پیاوێكی خێزاندار و لێرەشە هەر ژنێكی دیكە ئازاری پێدەگات و خەیانەتی زەوجی دروست ئەبێت و ئەمەش بۆ خۆی رێژەیەكی زۆر لە  ئاماری تەڵاق تایبەت ئەكات بە خۆیەوە.

سەرەكی ترین كێشەكانی ئەم ژنانە بریتین لەوەی، یەكەم: پەیوەندی كۆمەڵایەتی ئەم ژنانە روبەروی گۆرانكاریەكی گەورە ئەبێتەوە، ئەوش بە هۆی ئەوەیە كە تا دوێنی چونكو ژنێكی بە مێربوو لەوانەیە ئازادانە هاتوچۆی خزم و كەس وكار و هاورێیانی كردبێت بەڵام لە دوای جیابوونەوە زۆر بەی ئەو كەسانە لە هاتوچۆی زۆری ئەو ژنە بۆ ماڵیان نیگەران ئەبن، چونكو ئەم ژنە"بێوەژنە" بە مەترسیەكی گەورە بۆ سەر خێزانەكەیان چاو لێئەكەن. 

هەر وەها یەكێكتر لە كێشەی ژنانی"بێوەژن" ئەوەیە كە لە دوای جیابوونەوەی زۆربەیان شوێنێكی گونجاویان بۆ مانەوە و نیشتەجێبوون نیە. یەكەم جیگەیەك كە لەم حاڵەتەدا ژنان پەنای بۆ ئەبەن ماڵەباوانە كە دیسان لێرەش روبەروی ئاستەنگی و بەرتەسكردنەوەی هاتوچۆ و پەیوەندیەكانی ئەكرێت لە لایەن باوك و برا و كەس و كارەوە و ئەمەش هۆی دروست بوونی بارێكی دەورنی خراپ بۆی و لە گەڵ خێزانەكەی ناكۆك ئەبێت و تێكهەئەچێت.

هەندێكیشیان خۆ هەرئەو پەناگەیەشیان نیە، و ناچارن بە تەنیا بژین و خانوویەك بۆ خۆیان كرێ بكەن و لەم حاڵەتەشدا كرێكردنی خانوو پێویستی بە ئابووریەكی باش هەیە تەنانەت ئەگەر توانای كرێكدنیشی بێت زۆر جار خانوو بە ژنێكی تەنیا نادان ئەگەریش بە هەزار كێشە و زەحمەتی كرێشی كرد هەموو جوڵەیەكی لە ژێر چاودێری و كۆنترۆڵی دەرودراوسێدایە و هەر وەها چاولێكردنی پیاوانی هەوسباز كە بە چاوی تەماحەوە سەیریان ئەكەن و رێگەیان پێئەگیرێت.

پێوستی ئابووری یەكێكە لە گرنگترین كیشەكانی ئەو ژنانەی جیابوونەتەوە.

 بە تایبەت ئەو ژنانەش كە مناڵیان لە گەڵە و بە تەینا سەرپەرشتی ژیانی خۆیان و ماڵەكانیان ئەكەن،هەم لە لایەن دەرونیەوە روبەروی خەمۆكی، دڵەراوكێ ، رەشبینی، ئیرەیی دەبنەوە و لە لایەكیتریشەوە ئەگەر كار و دەرامەتێكی باشیان نەبێت، روبەروی چەندین كێشەی قورس دەبنەوە وەك خەرجی خۆراك، جلوبەرگ، خانوو و خوێندنی منالەكانی، قورسایی هەموو ئەم بارانە ئەكەوێتە سەر شانی ئەم ژنە شكست خواردوانە، ئیدی بێجگە لە قورسایی سەیركردنی سوكانەی پیاوانی شوێنی كارەكەیان و بان شوێنی ژیانیان.

زۆر جار ئەم ژنانە بۆ رزگار بوون لە ژێر قورسایی ئەو هەموو زەحمەتی و دژواریە ئابووری و كۆمەڵایەتی و دەرونیانەیان، بە بێ ئەوەی بەرامبەركەیان باش بناسن و ئاشنا بن لە گەل تایبەتمەندی و هەلسوكەوتەكەی، بریاری زەواجی دووبارە ئەدەنەوە و كە ئەمەش زۆر جار ئەبێتە هۆی دوبارە بونەوەی شكستێكی دیكە و روخانی دەرونی و كەسایەتیان بە شێوەیكی قورسترو زۆرتر بوونی زیانە كۆمەڵایەتیەكان بەرامبەریان.

هەروەها یەكێكیتر لەو كێشانەی كە زۆربەی ئەو ژنانە روبەروی ئەبنەوە ئەوەیە كە بە هۆی ئەو كێشانەی كە باسمان كرد بە تایبەت كێشەی ئابووری و نەبوونی سەرپەنایەكی ئەمن بۆ ژیان، ناتوانن مناڵەكانیان لای خۆیان بهێڵنەوە و ناچارن بیدەن بە پیاوەكە و بنەماڵەكەی.

ئەو ژنانەی كە جیائەبنەوە لە مێردەكانیان زۆر جار كە بریاری ئەوە ئەدەن ژیانێكیتر دروست بكەن لە لایەن مێردەكانیانەوە ئاستەنگیان بۆ دروست ئەكرێت و هەرەشەی كوشتن یان بێبەشكردنیان لە دیداری مناڵەكانیان، لێئەكرێت و بەردەوام هەوڵی ئەوە ئەدات بە هەر شێوازێك بووە ببێتە هۆی ئەوەی ژنەكە نەتوانێت ژیانێكیتر پێك بهێنێت. 

پێشینان دەڵێن چارەی رووداو بەر لە روودانی ئەبێت بكرێت، بۆیە ئەگەر كچان بریاریاندا هاوسەرگیری بكەن بێگومان ئەبێت چاو و گوێیان باش بكەنەوە و سەرنج بدەنە سەر كەسایەتی و شێوازی پەروەردەی بنەماڵەیی  و هەڵسەوكەوتە كۆمەڵایەتیەكانی بەرامبەرەكەی، نەك گرنگیدان بە سەروەت و سامان و جوانی .

گرنگیترین بنەما بۆ پێكهێنانی ژیانی هاوسەری لێكتێگەیشتنە لە نێوان هەر دوو لادا، كە ئەگەر ئەم گرنگە لە ئارادا نەبێت ئەوا بناغەی ئەو ژیانە سست و لەرزۆك ئەبێت و هەركات ئەبێت چاوەریی روخانی بكەیت.

هیچ ژیانێك بێكێشە نابێت بۆیە لە ژیانی هاوسەرێتیدا نابێت كێشەكان زۆرتر لەوەی كە هەن گەورەتر بكرێنەوە و قورس بكرێت، ئەبێت ئەو كێشانە لە گەڵ كەسانی عاقڵ و بە ئەزمون راوێژ بكرێن یان لە گەل راوێژكارانی كێشەكانی خێزان باس بكرێت. هەندێك جار ئەبێت یەكێك لە بەرامبەركان كە زانی ئەوی تر تورەیە باری دەرونی باش نیە لە بەرامبەر ئەو كێشە بچوكانە خۆراگر بێت و لە خۆبوردەیی نیشان بدات،ئەڵبەت ئەم لە خۆبودرەییە بۆ ئەو هەڵسوكەوتانە نیە كە سوكایەتی بە ئازادی  و كەسایەتی و ماقەكانی تاكەكەسی یەكێیان بكرێت، بە تایبەت ئەم خۆراگری و لە خۆبوردەییە زۆربەی لە لایەن ژنانە كە بە هۆی لێكنەترازانی خێزانەكەی و مناڵەكانی زۆربەی ئەو هەڵسوكەوتە ناشیرینانە پەسەند ئەكات.هەر وەها نابێت هەر دوو لا بهێڵن خەڵك دەستوەربداتە نێو كێشەكانیان و ژیانی تایبەتیان و لە ئاوی قوراوی ماسی راو بكەن.

بێگومان ئەو ژنانەی كە روبەری روداوی تەڵاق بوونەتەوە لە ژیانیان وەك هەر كەسێكتر لە كۆمەڵگە مافی زۆر شتی هەیە وەك رێز،ئاسایش، ئابووری و... نابێت بە بچوك و عەیبدار سەیر بكرێت و پیاوان لە زەواج كردنیان لە گەڵ ئەم ژنانە سڵ بكەنەوە، چونكو هیچ كامیان پێیان خۆش نەبووە كە چارونوسیان وای لێبێت، زۆر لەو ژنانە مێردەكانیان لە ژیاندا نەماون، زۆریان هۆكاری زۆر لۆژیكیان بۆ جیابوونەوە هەیە، بۆیە نابێت بە هۆی ئەوەی كە مێردیان كردوە و جیا بوونەتەوە لە مافی ئاسودە و ئاسایی ژیان كردن بێبەش بن.

هەروەها حكومەت ئەبێت هەوڵی ئەوە بدات لە رێگەی رەخساندی هەلی كار و دانانی ئەو یاسایانەی كە پەیوەندی بەم بابەتەوە هەیە پشتگیری ئابوور و كۆمەڵایەتی و یاسایی ئەو ژنانە بكات و نەهێڵیت بە هۆی نەبوونی ئیمكانیانی ژیانێكی ئاساییەوە توشی زیانی كۆمەڵایەتی و گوشارێكی دەرونی لە رادەبەدەر ببنەوە كە لە كۆتاییە پەنا ببەنە بەر هەلسوكەوتێكی نەگونجاو یان بریارێكی بەپەلە بۆ زەواجێكیتر یان خۆكوشتن.

لە بیرمان نەچێت تەڵاق چارەسەری كێشەكان نیە تەنیا رێگەیەكە بۆ سرینەوەی هاوكیشەكە.